لێدوانەکەی مالیکی وەکو ئەوە بوو بڵێت “فەرموون سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە”

لەرێکەوتى : February 18, 2018, 10:23 am

avatar

ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی دوو و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا، پرسیارەکانی تەبای وەڵام دایەوە.
بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم، رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا و کۆمەڵیک و پرسی رۆژەڤ چەند روونکردنەوەیەکی دا.

“ئێمە پێمان باش بوو هەموو حیزبەکانی کوردستان بەیەکەوە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و بچنە بەغداد”
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتادا بە نیازی پێکهێنانی هاوپەیمانی بوو بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام دواتر بڕیاریدا بەتانها بەشداری لە هەڵبژاردن بکات. هۆکاری ئەمە چی بوو؟

ئەوە بۆچوون بوو. ئێمە پێمان باش بوو هەموو حیزبەکانی کوردستان بەیەکەوە بچنە بەغداد و بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن ، بەڵام دواتر وا دیاربوو هەندێک حیزب ویستی ئەوەیان هەبوو کە خۆیان هاوپەیمانی پێک بهێنن و ببن بە گروپ گروپ. لەم حاڵەتەدا پارتی بە باشی زانی کە بە تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکات. بەڵام ئەوە مانای یەک ریز نەبوون نایێت کاتێک دەچینە بەغداد ، دەکرێ دوای هەڵبژاردن هەموومان لە بەغداد بە تایبەتی پێگەی کوردستان و پێگەی نەتەوەکان و پێگەی کورد بەهێز بکەین. ئەوانەی لە کوردستان دەژین پێویستە یەک دەنگ بن. ئەوە لە بەرژەوەندی هەمووانە لە کوردستان بە هەموو پێکهاتە و ئاینەکانیشەوە.

“هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک وەک پێشان ئازادانە ناکرێت”
ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر هیچ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان؟

١٦ ئۆکتۆبەر کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە. ئێمە دڵنیاین ئەو هەڵبژاردنەی کە پێشان لە کەرکوک بە ئازادی دەکرا، ئێستا بۆ کورد و تورکمان بە تایبەتی تورکمانی سوننە زۆر جیاوازتر دەبێت و وەک پێشان ئازادانە ناکرێت. بەڕاستی وای بۆدەچین کە ئەو پێگە و واقیعەی کە هەبووە، وا نامێنێت و پێشبینی دەکەین ئەنجامەکەشی بگۆڕێت. یەکێک لەو هۆکارانەی بەشداری نەکردنی پارتی لە کەرکوک ئەوەیە کە لە کەرکوک ئێستا ئەو پێگەیەی نییە کە پێشان هەیبوو. دیارە کە کێ کۆنتڕۆڵی کەرکوکی لەدەستە. پێشبینی ئەوە دەکەم نە عەرەبی سوننە نە تورکمانی سوننە و نە کوردیش نەتوانن وەکو پێشان ئازاد بن، بەداخەوە من وای بۆ دەچم و دەشبینن.

” وەک پارتی بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم لەناو میللەت هەڵبژێردرێ”
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم ماوەیەکی زۆر گفتوگۆی لەسەر کرا و کێشەی لەسەر درووست بوو کە ئاخۆ لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت یاخود لەناو پەرلەمان. تا ئێستا گەیشتوون بە ئەنجامێک کە بە چ جۆریک دەبێت؟

تا ئێستا نەگەیشتووین بە ئەنجام بەڵام پێویستە ڕاپرسی بە میللەت بکەین، ئایا میللەت پێی باشە ڕاستەوخۆ سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت یان لەناو پەرلەمان هەڵیبژێرێت کە لەلایەن میللەتەوە هەڵدەبژێردرێت. بۆچوونی ئێمە وەک پارتی ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم لەناو میللەت هەڵبژێردرێ چونکە کاریگەری و شەرعییەتی زیاترە. سەرۆکێکی هەرێم کە لەلایەن میللەتەوە هەڵدەبژێردرێت زۆر دروستتر و ڕاستترە لەوەی بکەوێتە پەرلەمان و لە پەرلەمانیش بکەوێتە ناو رێککەوتنەکانی حیزبەکان. ئەو کات دەبینین ئەو سەرۆکە ئەو پێگەیەی نابێت وەک ئەو سەرۆکەی کە لەناو خەڵک ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت.

پارتی کاندیدێکی دیاری کردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم؟

ئەوە لەسەر دەستپێدکردنی کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم دەوەستێت. کە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم دیاری کرا بێگومان ئەو کات پارتی بۆچوونی خۆی دەبێت.

لەم دۆخەی ئێستا زۆر باس لە نوری مالیکی دەکرێت کە لە هەرێم نزیک بووەتەوە. پارتی هیچ پەیوەندیەکی دروست کردووە لەگەڵ مالیکی؟

لە کاتە ناخۆشەکانیش هەرگیز بیر لە پچڕاندنی پەیوەندی مەکەوە. بەم دواییانە بەرێز مالیکی هەندێک لێدوانی دا ئێمە پێشوازیمان لە لێدوانەکان کرد، هیواخوازین کە ئەو لێدوانانە تەنها قسە نەبن و ببنە کردار. چونکە بەڕاستی ئەگەر ببێتە کردار، وای دەبینین کە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقدا بێت. لێدوانەکەی مالیکی وەکو ئەوەبوو بڵێت ئەوەی ڕۆیی ڕۆیی هەرچی ڕوویدا هەموومان لێی بەرپرسیارین، فەرموون سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە. ئەوەش گرنگە، ئێمەش پێشوازی لێدەکەین. بەڵام بە فەرمی پەیوەندیەکە هەر وەک خۆیەتی تا ئێستا هیچ بەرەو پێش چوونێکی فەرمی نەبووە.

“بەڕای من ١٠٠٠تا٢٠٠٠ دەنگیش نەخشەی سیاسی ناگۆڕێت”
بەم دواییانە چەند حیزبێکی نوێ لە کوردستان سەری هەڵداوە، لەوانەش حیزبەکەی دکتۆر بەرهەم ساڵح و حیزبەکەی شاسوار عەبدولواحید. ئەو حیزبە نوێیانە تا چەند کاریگەریان دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان؟

کە باس لە پرۆسەی سیاسی دەکەین باشترە وایە بە شێوەیەکی دیموکراسی بەرێوە بچێت. دروست بوونی هەر حیزبێک بەگوێرەی یاساکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر ئاساییە. ئەوە لە ڕووی تەکنیک و ئیدارییەوە. لە ڕووی سیاسییەوە ئەو حیزبانە باکگراوندی سیاسیان هەیە. دکتۆر بەرهەم هەتا دوێنێ جێگری گشتی یەکێتی نیشتمانی بوو، بۆ ماوەی ٢ ساڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، هەڵوێستی ئەوکاتی دکتۆر بەرهەم دیاربوو و خەڵک لە یادی نەچووە. دواتر بە هەر هۆکارێک بێت لە یەکێتی دوور کەوتۆتەوە و ئێستا حیزبێکی نوێی داناوە، کە حیزبێکی نوێی داناوە ئەوەی ئێمە دەبینین زۆربەی ئەوانەی لەگەڵیدان ئەوانیش باکگراوندیان هەیە لەناو یەکێتیە، ئەوەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش هاتووەتە پاڵ دکتۆر بەرهەم دیسان باکگراوندێکی لە یەکێتی هەیە. ئەو حیزبانە حیزبانێک نین کە پێشتر باکگراوندێکی سیاسییان نەبووبێت، بۆیە من پێشبینی دەکەم ووردەکاری دەنگەکان جیاواز لە حیسابی جاران دەرناچیتەوە، تا شتێکی نوێ لە نەخشەی نوێ ڕووبدات. هەر وەکو جاران کە لەناو حیزبەکەی خۆیان بوون ئێستاش ئەو دەنگەی بەدەستی دێنن هەر لەسەر حیسابی حیزبەکەی خۆیان دەبێت. وای دەبینم زۆرینەی بەم جۆرەیە، ١٠٠٠تا٢٠٠٠ دەنگ نەخشەی سیاسی ناگۆڕێت.

“کار بۆ ئەوە دەکەین کە پەیوەندیەکە بەرەو باشتر بچێت”
پەیوەندیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئاک پارتی و تورکیا لە چ ئاستێکدایە بە تایبەت دوای ٢٥ی ئەیلول؟

هەرێمی کوردستان چ لە ئاستی حیزبی یا لە ئاستی حکوومی بێت، هەرێمایەتی یا دەوڵەتانی دراوسێ بێت زۆر پەرۆشین و زۆر پێمان باشە کە پەیوەندیمان زۆر باش بێت لەهەردوو ڕووی حیزبی و حکوومی، هەروەها لە ڕووی ئیدارە و دەوڵەت و هەرێم. لەوانەیە پەیوەندی ئێمە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەرهاوێشەتەکانی وەستاندبێت، بەڵام هەوڵ دەدەین نەچێتە دواوە. چونکە ئێمە پەیوەندیەکی باشمان هەبووە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ تورکیا. لەڕووی حیزبییەوە وەک دوو حیزبی ڕۆژ هەڵاتی ناوەراست ئاک پارتی و پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندیمان لەگەڵ یەک باش بووە. کار بۆ ئەوە دەکەین کە پەیوەندیەکە بەرەو باشتر بچێت. ڕاستە نیگەرانییەک و لێک تێنەگەیشتنێک هەبووە، هەوڵ دەدەین ئەوەی کە هەبووە و دەبێتە کۆسپ لای ببەین و جارێکی تر لەکوێ وەستاوین دەست پێبکەینەوە بەرەو پێش بچین و نەهێڵین بچێتە دواوە.

ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون کە تورکیا ئەنجامی دەدات لە عەفرین، هیچ کاریگەریەکی نەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم و تورکیا؟

وەکو ووتم ئەوەی لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا و ئەوەی ئێستا هەیە ئێمە هەوڵی لابردنی کۆسپەکانی دەدەین. ئێمە بڕوامان بەیەک شت هەیە، هیچ کێشەیەک بە هێزی سەربازی چارەسەر ناکرێت، ئەگەر چارەسەریش بکرێت ئەوا چارەسەرێکی کاتی دەبێت. تۆ دەبێت بەدوای هۆکارەکان بگەڕیت و چارەسەریان بکەیت. ئێمە نەک تەنها لە حکومەتی تورکیا، بەڵکو داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین لە بری چارەسەری سەربازی بیر لە چارەسەری مەنتقی و سیاسی و ئیداری بکەنەوە. چونکە بەڕاستی قوربانیە مەدەنییەکان ئازاری هەموو لایەکمان دەدەن. کە دەبینین مناڵێک، گەنجێک، ئافرەتێک یان پیرێک بریندار یاخود شەهید دەبێت بەڕاستی دەمان هەژێنی جا لە هەرلایەک بێت. ئێمە کە باس لەوە دەکەین چەند دڵگران دەبین کە منداڵێکی کورد لە عەفرین شەهید دەبێت لە بەرامبەردا ئەوەندەش بۆ مرۆڤێکی تورک دڵگران دەبین کە بریندار یا شەهید دەبێت. پێویستە هەموو لایەکمان دووربکەوینەوە لەوەی کە قوربانی مەدەنی ومرۆڤایەتی بدرێت. ناکرێ بەم جۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ مرۆڤایەتی بکرێت. چونکە چارەسەری سیاسی و دایالۆگ هەیە. لەم دۆخانە ئەوەی دەست پێدەکات زیاتر بەرپرسیاریەت لە ئەستۆدەگرێت.

“شانازی بەو قسەیە دەکەم کە برا تورکمانەکان بە خزمی خۆیانم دادەنێن”
لەناو هەولێریان، تورکمانەکان دەڵێن ئەحمەد کانی هەولێریە، دۆغرەمەچیە، خزمی ئێمەیە واتە تورکمانە. چی دەڵین لەسەر ئەمە؟

شانازی بەو قسەیە دەکەم کە برا تورکمانەکان بە خزمی خۆیانم دادەنێن، لە ڕاستیدا خزمیشین. لە هەولێر کورد و تورکمان خزمن. با بێینە سەر لایەنی مێژوویی، کە من دەلێم کوردم بەڵگەم هەیە کە کوردم، خزمێکی منیش کە دەڵێت تورکمانم ئەویش بەڵگەیەکی هەیە یان هەستێکی هەیە کە تورکمانە. ئینتما کردن بۆ نەتەوە هەستە. من ڕاستیەکەت پێدەڵێم، دۆغرەمەچیەکیان دوو بەشن؛ بەشێکیان دەڵین تورکمانین، بەشەکەی تر دەڵێن کوردین. بەڵام ئەگەر دۆغرەمەچیەکان بکەینە چوار بەش سێ بەشیان دەڵێن کوردین و بەشێکی دەڵێن تورکمانین، من بەناو لەلام هەیە کە چەندی تورکمان و چەندی کوردن. لەگەڵ ئەوەش من رێز لەو دۆغرەمەچیانە دەگرم کە دەڵێن ئێمە تورکمانن چونکە هەستیان وایە. کورد هەیە لە تورکیا کوردی نازانێت و بە تورکی قسە دەکات و نازناویشی تورکیە بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە ئەو تورکە. لە هەولێر خەڵک هەیە کە نازناوی حەدادە بەڵام عەرەب نییە. نازناوی دۆغرەمەچی لە پیشەکەوە هاتووە، لەبەر ئەوەی باپیرانمان لەناو جافەکانەوە هاتوون و کاری ووردەکاری نەقشیان لەسەر دار و ئاسن کردووە، لە سەردەمی عوسمانییەکان بەو پیشەیەیان ووتووە دۆغرەمەچی. بۆ نموونە دەباغ نازناوێکی عەرەبیە، بەڵام دەباغەکان لە سەدا ٩٨یان خۆیان بە کورد دادەنێن ئەویتر خۆی بە تورکمان دادەنێت. هەندێک جار لەناو ماڵێکدا ٢-٣ برا یەکیان دەڵێت کوردم ئەویتر دەلێت تورکمانم یاخود عەرەبم، من نامەوێ باس لەو شتانە بکەم. لە ئەنجامدا ئێمە هەولێرینە و هەولێرمان خۆش دەوێت، وە حەزمان لە گەورەیی هەولێرە، لە ڕێگەی هەولێریشەوە کوردستانیین چونکە ئەگەر هەولێرمان خۆش نەوێت کوردستانیشمان خۆش ناوێت. ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە خێزانێکی ڕەسەنی هەولێرین.باپیری من نازناوی کانی یە، ناوی جەبار ئاغای دۆغرەمەچیە و باوکی جەبار ئاغای موستەنسیقی هەولێر بووە. لە ساڵی ١٩١٤ نازناوی کانی وەرگرتووە کە ووشەیەکی کوردیە ، ئەگەر باپیری من هەستی کردبا تورکمانە دڵنیام نازناوێکی تورکمانی هەڵدەبژارد بۆ نموونە یڵدرم یاخود ووشەیەکی لەم جۆرە. دووەمیان باپیرم شیعری بە تورکی هەیە نەک تورکمانی و قۆریاتیشی هەیە و جیناسیشی هەیە لە قۆریات، بەس زۆربەی زۆری شیعرەکانی کوردییە و بە کوردی شیعری هەیە. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە کوردە. ئەگەر کورد نەبا بۆچی دەیگوت کوردم لە کاتێکدا باوکی موستەنسیقی دەوڵەی عوسمانی بووە لە هەولێر. ئەگەر تورکمان بووبا بۆچی دەیگوت کوردم. ئەو کاتە پێگەی کورد وەک ئێستا نەبوو. لەوانەیە خەڵک وا بیر بکەنەوە کە بۆ بەرژەوەندی وا دەڵێن، بەڵام ئێمە ١٠٠-٢٠٠ ساڵە دەڵێین کوردین و کوردیش هەر لەناو ئازارە. خەڵکێک هەیە لە کەرکوک و هەولێر دەڵێن ئێمە تورکمانین، لە هەشتاکان ئازاریش دەدران بەڵام هەستی تورکمانێتیان هەبووە، ئەگەر بیانگوتبا عەرەبین ڕەنگە ئازار نەدەدرابان، بەڵام ئامادەبوون ئازار بدرێن و بکوژرێن بۆ ئەوەی واز لە نەتەوەی خۆیان نەهێنن. لە ئەنجامدا دەبێ ئێمە مرۆڤ بین. ئەگەر ئەو جیاوازییە نەتەوەییە لە عێراق نەبووایە ئێستا بۆچوونی زۆریان جیاواز دەبوو، بۆچوونی تورکمانیش دەگۆڕا و کوردیش بۆچوونی دەگۆڕا. بەداخەوە عێراق لە ڕووی مەزهەبی و تائیفییەوە ووڵاتێکی شکست خواردووە. ئەگەر تۆ تورکمانی ئازارت دەدەن، کوردی ئازارت دەدەن، سوننەی ئازارت دەدەن، شیعەی ئازارت دەدەن، ئێزیدی سەرت دەبرن، کاکەیی لەناوت دەبەن، کریستیانی ئیهانەت دەکەن و دەتکوژن، ئەوەیە کە ئازارمان دەدات، ئەگەر نا لە وڵاتانی پێشکەوتوو کەس گرنگی بە نەتەوایەتی نادات، بەڵام ئێمە کە گرنگی بە نەتەوایەتی دەدەین ئازارمان دەدرێت. ئێمە بۆیە دووپات دەکەینەوە کە کوڕی ئەو قەڵایەی هەولێرین و لە گەرەکی سەڕای بووینەو شانازی بەوە دەکەین، شانازی دەکەم بەوەی کە تاکێکیم لە بنەماڵەی دۆغرەمەچی، شانازی دەکەم کە کوردم، خەڵکیش مافی خۆیەتی کە شانازی بەوە بکات کە تورکمانە، بەڵام ئێمە خزمین من ئامۆزام هەیە دەڵی من تورکمانم و رێزی لێدەگرم، بەڵام پێویستە ئەویش رێز لە من بگرێت کە دەڵێم کوردم. چۆن من نامەوێت بەو بڵێم تۆ کوردی، ئەویش بۆی نییە خەڵک بە زۆری بکاتە تورکمان. لە هەولێر خەڵک هەیە عەرەبە، من دراوسێم هەیە دەڵی من عەرەبم و باپیرانم لە سامەڕاوە هاتوونەتە هەولێر، لەوانەیە منداڵەکانی عەرەبی نەزانن بەڵام ناکرێ من پێی بڵێم تۆ کوردی. پێویستە ئێمە دەستی مرۆڤایەتی بۆ یەک درێژ بکەین، بە ژمارە نییە، ئەگەر میللەتێک ١٠ کەس بێت یاخود ١٠ ملیۆن بێت و بڵێت من فلانە نەتەوەم دەبێ رێزی لێبگرین، چونکە میللەتە و ڕەسەنە، بەڕاستی دەمارگیری شتێکی خراپە.

 

هەواڵ: عەلی عەنتەر

فۆتۆ: عەبدوڵڵا ئەحمەد