عادل نوری: دوا کارتی ئێمە بۆ پرۆژە یاسای بودجە، سەرۆک کۆمارە

لەرێکەوتى : February 18, 2018, 12:27 pm

avatar

عادل نوری: دوا کارتی ئێمە بۆ پرۆژە یاسای بودجە، سەرۆک کۆمارە
عادل نوری، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم چاوپێکەوتنەی خەندان-دا باس لە وردەکاریی چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو پارانە دەکات کە لەکۆنگرەی کوەیتدا بۆ عێراق کۆکراونەتەوە، هاوکات باس لەوە دەکات لە ئێستادا کورد هیچ کارتێکی بەدەستەوە نەماوە بۆ پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، تەنها ئەوە نەبێت کە سەرۆک کۆمار ئەو پرۆژە یاسایە واژۆ نەکات و بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان.


خەندان: ئەو 30 ملیار دۆلارەی کە لە کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوەیت، لەلایەن وڵاتانەوە بۆ عێراق کۆکرایەوە، چۆن و بۆ چ مەبەستێک خەرجدەکرێت؟ بەشی کورد تێیدا چەندە؟

عادل نوری: ئەو 30 ملیار دۆلارەی کە دابینکراوە بۆ عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەیە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان پێگەیشتووە، هەموو پارەکە لەشوێنی خۆی خەرج ناکرێت. کۆمەڵێک پرۆژە پێشکەشکراون لەناو ئەو پرۆژانەشدا بەشێکیان لە لایەن هەرێمەوە پێشکەش کراون. زۆربەی پارەکە بۆ ژێرخانی ئابووریی خەرجدەکرێت. زۆر گەشبین نیم بەوەی ئەو پارانە لەشوێنی خۆیدا بەکاربهێندرێن و سوودی لێوەربگیرێت، چونکە لە ئێستادا عێراق نزیکەی 4 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردە دەکات، هەرچەندە بە 42 دۆلار خەمڵاندبوومان، بەڵام لە ئێستادا نرخی نەوت بەرزبۆتەوە بۆ 70 دۆلار و هەردەڵێن پارە نییە، چونکە بەشێکی زۆری ئەو پارەیە بۆ گەندەڵی دەڕوات.

من پێم باشە عێراق داهاتەکەی بدرێتە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان بەڕێوەی ببات، ئەوان سەرپەرشتی ژیانی هاوڵاتیان بکەن باشترە لەوەی ئەم گەندەڵکارانە سەرپەرشتی بکەن، کە سەرجەمیان دۆسییەی گەندەڵییان لەسەرە. لەساڵی 2003 تا ئێستا 320 ملیار دۆلار گەندەڵی و دزی کراوە بەناوی پرۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری، جگە لە مووچە، جگە لەوەش لەئێستادا عێراق 130 ملیار دۆلار قەرزدارە.

ئەوپارەیەی لەو کۆنفرانسەدا بۆ بنیاتنانەوەی عێراق دابینکراوە، هێندەی گیرفانی هەندێک لە بەرپرسەکان و گەندەڵکاران گەرمدەکاتەوە، هێندە بۆ ژێرخانی ئابووری سوودی لێ نابینین، تەنها ئەوە نەبێت هەندێک پرۆژە دەکەن بۆ ڕیکلامکردن بۆخۆیان بۆ راگەیاندنەکان و گەورەکردنی کارەکانیان، لەماوەی پێنج ساڵی تریشدا. ئەنجامی ئەو 30 ملیار دۆلارە دەبینین بەو شێوەیە خەرجناکرێت کە حکومەت ئێستا باسی دەکات.

خەندان: ئەو پارەیە بەشی ناوچە کوردستانییەکانی تێدایە؟ یاخوود نوێنەرانی کورد توانیویانە کارێک بکەن ئەوپارەیەی کە لەکۆنفرانسەکەدا دابینکرا بەشی کوردی تێدا بێت؟

عادل نوری: لەکۆنفرانسەکەدا هەندێک پرۆژە پێشکەش کراون، گرنگە باسی کوردیشی تێدا بێت، بەڵام چەندی دەکەوێتە کوردستان، ئێمە ئێستا بەشە بودجەی خۆشمان پێنادەن، ئەوە کەوتۆتە سەر ئەو کۆمپانیا وەبەرهێنەرانەی کە خۆیان دێن وەبەرهێنان دەکەن، هیوادارم پارێزگارەکان سەرنجی کۆمپانیاو وەبەرهێنانەکانیان ڕاکێشابێت، بۆ ئەوەی دوای ئەوەش بێنە کوردستان، پارێزگارەکان دەتوانن لەرێگەی پەیوەندی تایبەتی و پرۆپۆزەڵی پرۆژەی تایبەتەوە سەرنجی شاندی وڵاتان رابکێشن، بۆئەوەی دواتر بێن سەردان بکەن و پرۆژەی هاوبەش پێشکەش بکەن و وەبەرهێنان بکەن، چونکە پارێزگاکانی هەرێم لەڕووی ئەمنی و ئاسایشەوە لەپارێزگاکانی تری عێراق ئارامترن.

خەندان: ئێوە وەک ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لێکۆڵینەوەتان نەکردووە لە بەهەدەردانی ئەو پارەیە کە چوەتە دەرەوەی عێراق؟

عادل نوری: لێکۆڵینەوەمان لە زۆر دۆسییەی گەندەڵیدا کردووە، لەسەر خودی حەیدەر عەبادی کە لەساڵی 2003 وەزیری پەیوەندییەکان بوو، بە 5 ملیۆن دۆلار سزا دراوە، تائێستاش دۆسییەکەی یەکلایی نەبووەتەوە، لەگەڵ چەندین دۆسییەی تریش، دۆسییەی ئەو چەک و تەقەمەنییانەی کە لە موسڵ تەسلیم کراون بە داعش تا ئێستاش یەکلایی نەبوونەتەوە.

خەندان: پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لەدوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە هیچ بەرەو پێشچوونێکی بەخۆیەوە بینیوە؟

عادل نوری: ئەو فشارانەی کە لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە کە ڕوویدا، تا ئیستاش عێراق دەیەوێت شکۆی کورد بشکێنێت و سیاسەتی براوە و دۆڕاوە لەگەڵ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا پەیڕەو بکات، بەڵام ئەمە هەمووی پێچەوانەی دەستووری عێراقە، ڕاستە لەکوردستاندا گەندەڵی هەیە، بەڵام ئەو ناتوانێت بەم شێوەیە مامەڵەبکات لەگەڵ کوردا، پێشتر بەغدا گلەیی دەکرد لەوەی کە کورد نەوتی خۆی دەفرۆشێت، دەبێت بوودجە دابین بکات، بەڵام لەدوای مانگی 10، حکومەتی عێراق نەوتی کەرکوک هەناردە دەکات و داهاتی دەروازەو خاڵە سنوورییەکان لای حکومەتی بەغدایە، بەڵام مووچەش نانێرێت، عەبادی دەیەوێت شەڕی هەڵبژاردن بکات لەگەڵ کوردستان، لەرابردوودا حەیدەر عەبادی 4 هەزار دەنگی هێنا بوو بەسەرۆک وەزیران، مالکی 700 هەزار دەنگی هێنا نەیتوانی ببێتە سەرۆک وەزیران، بۆیە دەزانێت لە هەڵبژاردن ئەگەر دوو سێ دۆسییە بەکارنەهێنێت دەدۆڕێت، حەیدەر عەبادیش ناتوانیت کاریگەری دروست بکات لەسەر خەڵک.


خەندان: کە عەبادی دەنگی کەمی هێنا، کەواتە کێ پاڵپشتی کرد بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران؟

عادل نوری: کورد لەدوای ساڵی 2003 بەردەوام وایکردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو سیاسەتەی کورد بەرامبەر بەغدا کردوویەتی سیاسەتێکی سۆزداری و سەرپێیانە بووەو دیراسەتی سایکۆلۆجی ئەو کەسانەیان نەکردووە، ئەو بەڵێنانەی کە ئەو سەرۆک وەزیرانە داویانە بە کورد هیچ زەمانێکی نەبووە، تەنها بۆئەوە بووە کە پاڵپشتی بکەن تا دەبنە سەرۆک وەزیران.

خەندان: کورد چی بکات بۆئەوەی تووشی ئەو بارودۆخە نەبێتەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە تووشی هاتووە لەلایەن عێراقەوە؟

عادل نوری: کورد لەئێستادا لەخراپترین بارودۆخدایە، لە 2006 کورد تا ئێستا بارودۆخی وەک ئێستا خراپ نەبووە، ناوماڵی کورد باشتربوو، شکۆی کورد لە بەغدا باشتر بوو، بەهۆی شەڕی داعشەوە نازێکی نێودەوڵەتیمان هەبوو، هەرچەندە زۆر وتمان تا شەڕی داعش هەیە با داواکارییەکانی خۆمان بکەین، بەڵام بەگوێیان نەکردین، لەئێستاشدا دەبێت کورد ناو ماڵی خۆی چاک بکات ئەگەر چاکیش نەبێت، دەبێت ئێمە لەدەرەوەی ناوماڵی خۆمان، لە بەغدا یەکڕیزو یەک دەنگ بین، ئەگەر ئێمە خۆمان ساز نەکەینەوە هیچ کارتێکی فشارنابین لەسەر بەغدا بۆ دروستکردنی حکومەتی داهاتوو، ئەو کات زۆر بێ منەتانە ماماڵە لەگەڵ ئێمەدا دەکەن، ئەگەر حکومەت تەشکیل بوو، ئەو کاتە ئێمە هیچ دەنگ و رەنگمان نەبوو، لە پێکهێنانی ئەو حکومەتەدا، ئەوا ئێمە پشکمان زۆر خراپتر دەبێت، جاری داهاتوو لە 78 کورسییەوە بۆ 65 کورسی دەنگەکانمان کەمکردەوە، دڵنیام ئەم جارە کەمتریش دەبێت، چونکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی هەرێم دەنگ زۆر کەمتر دەهێنین، بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کە ڕوویدا.

خەندان: کورد بەردەوام دانیشتنەکانی خۆی لەسەر بوودجە بایکۆت دەکات، پێت وایە بەم بایکۆتکردنە بتوانێت بەشە بودجەکەی زیادبکرێت و نەهێڵرێت خوێندنەوەی دووەم بۆ بوودجە بکرێت و تێی بپەڕێنن؟

عادل نوری: ئێمە ئەوەی لەسەرمانە شەڕی کات بکەین، بۆ ئەوەی دانیشتنەکان پەک بخەین و نەهێڵین بودجە بەئاسانی تێپەڕێت، کە بۆماوەی 40 ڕۆژە ئێمە بەردەوام بایکۆتی دانیشتنەکان دەکەین و ناهێڵین تێبپەڕێنرێت، بەڵام پێم وایە ئێمە قەت لە دەنگداندا براوەنین، ئەگەر سوونەکانیش هاوڕانەبن لەگەڵیان، ئەوا شیعەکان خۆیان 181 کورسیان هەیە و دەتوانن تێیپەڕێنن، بۆیە تاکە شتێک کە بکرێت، ئەوەیە سەرۆک کۆمار دەتوانێت واژۆی پرۆژەیاساکە نەکات، چونکە پرۆژە یاسای بودجە کە هاتە پەرلەمان دەچێت بۆ بەردەمی سەرۆک کۆمار دەبێت ئەو واژۆی بکات، ئەوکاتە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەگەر ئەو واژۆی نەکات، دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، ئێمە دەیگەڕینینەوە بۆ حکومەت و دەبێت حکومەت گۆڕانکاری تێدا بکات ئەوکاتە دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و ئێمە دەنگی لەسەردەدین ئەوە دوا کارتی ئێمەیە بۆ بودجە.

خەندان: پێت وایە حەیدەر عەبادی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت دوای تەواوبوونی وردبینیکردنی لیژنەکان؟

عادل نوری: حەیدەر عەبادی یاری کات دەکات، لەگەڵ ئێمەدا یاری زەلیلکردن و لاوازکردنی شکۆی کورد دەکات، بەڵام دواجار ناچاردەبێت مووچە بنێرێت. حەیدەر عەبادی شەڕی کارتی هەڵبژاردن دەکات، چونکە فشاری نێودەوڵەتی لەسەر دەبێت و خۆشی بڕیاری نەداوە کەی مووچە دەنێرێت.