خه‌ته‌نه‌كردن دیارده‌یه‌كی سه‌رده‌مانی كۆیلایه‌تیه‌

لەرێکەوتى : July 10, 2017, 11:53 am

avatar

خه‌ته‌نه‌كردن دیارده‌یه‌كی سه‌رده‌مانی كۆیلایه‌تیه‌
نوسینی: مهدیه‌ محمد حمدامین
یه‌كێك له‌ دیارده‌ هه‌ره‌ زیانبه‌خشه‌كانی دژ به‌ كچان و ژنان له‌ناو گه‌لێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤایه‌تی كه‌ تا ئێستاش وه‌ك نه‌ریتێك به‌سه‌ر كچان و ته‌نانه‌ت كوڕانیشدا فه‌رزكراوه‌، له‌ ناو كورداندا پێیده‌ڵێن خه‌ته‌نه‌كردن، به‌ زاراوه‌ی ستانداردی جیهانیش پێیده‌ڵێن ( بڕینی پارچه‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامی مێینه‌ی ژنان : Female genital mutilation).
مێژووی ئه‌م دیارده‌یه‌ بۆ هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، گه‌لێك لێكدانه‌وه‌ بۆ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌یه‌ كراوه‌، هه‌ندێكیان بۆ سه‌رده‌می كۆیلایه‌تی دێرینی مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌ره‌به‌گ و خاوه‌ن كێڵگه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌وكاتی كه‌ كۆیله‌یان راگرتوه‌ و كاریان پێكردون، و‌یستویانه‌ كچ و ژنه‌ كۆیله‌كان له‌ رووی سێكسیه‌وه‌ به‌ كپی و به‌ ساردوسڕی بمێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر سێ هۆكار، یه‌كه‌م: بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خزمه‌ته‌كانیان گه‌رموگوڕتر بن و بیركرنه‌وه‌یان به‌لای ئه‌م ئاره‌زوه‌دا نه‌ڕوات، دووه‌م: له‌به‌رئه‌وه‌ی تا كه‌س نه‌یانخوازێ و كه‌س هۆگریان‌ نه‌بێت. سێیه‌م و گرنگتر له‌ هه‌ردوو هۆكاره‌كه‌ی تر ئه‌وه‌بوو كه‌ ویستویانه‌ جیاوازی چینایه‌تی له‌ نێوان چینی كۆیله‌ و ده‌ره‌به‌گه‌كان هه‌ر بمێنێ، باشترین نیشانه‌ی كۆیلایه‌تیش كه‌ ئامانجی ده‌ره‌به‌گه‌كان بپێكێ ئه‌وه‌ بووه‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی كچ و ژنه‌ كۆیله‌كان ببڕن تا كه‌سایه‌تیكی داشكاویان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بێ.
لێره‌دا خاڵێكی گرنگ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ ئاماژه‌ی پێ بده‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ بواری ئاینیه‌وه‌ نیه. كاتێك كه‌ ئاینه‌كان هاتوون، له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام ئاینه‌كان ویستویانه‌ دیارده‌كه‌ رێكبخه‌ن و ته‌علیماتی بۆ دابنێن. ته‌نانه‌ت ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌و شوێنانه‌شدا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر ئاینیان پێ نه‌گه‌یشتووه،‌ وه‌ك ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی كه‌ له‌ناو خێڵ و ناوچه‌ دووره‌ده‌سته‌كانی دارستانه‌كانی ئه‌فریقیادا ده‌ژین. هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كانیشه‌وه‌ به‌ر له‌ سێ هه‌زار ساڵ به‌پێی ئه‌و وێنانه‌ی له‌ سه‌ر دیواری هه‌ڕه‌مه‌كانی میسردا كێشراون، ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌ر هه‌بووه‌. ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ له‌ناو كه‌لتوری گه‌لاندا هێدی هێدی په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ ناو ئاینه‌كان و دواجار له‌ مه‌زهه‌به‌كاندا بووه‌ته‌ ته‌علیماتی فیقهی و ته‌نانه‌ت له‌ مه‌زهه‌بی شافیعیدا كه‌ زۆرینه‌ی كورد و ته‌واوی كوردستانی به‌شی عێراق په‌یڕه‌وی لێده‌كه‌ن به‌ واجبی له‌قه‌ڵه‌م داوه‌. ته‌نانه‌ت له‌ناو ژنانی كورده‌واریدا به‌جۆرێك له‌م دیارده‌یه‌ ده‌روانرێ كه‌ ئه‌گه‌ر كچێك گه‌وره‌ بێت و خه‌ته‌نه‌ نه‌كرا بێ، ده‌ڵێن چێشتی ده‌ستی ئه‌و كچه‌ حه‌ڵاڵ نیه‌!
له‌ ڕووی زانستیه‌وه‌ ته‌واوی دكتۆره‌كان له‌مه‌دا هاوده‌نگن كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ دیارده‌یه‌كی ترسناكه‌ له‌ رووی ته‌ندروستیه‌وه‌ و گه‌لێك جار بووه‌ته‌ هۆی خوێن به‌ربوون و كچه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌، گه‌لێ جار كچه‌كه‌ توشی نه‌خۆشی گزاز بووه‌ و كوشتویه‌تی یا توشی نه‌خۆشی كوشنده‌ بووه‌ به‌هۆی پیسیی ئه‌و كه‌لوپه‌ل و تیغ و موس و خۆڵه‌مێشه‌ی بۆ بڕین و ساڕێژكردنی ئه‌و پارچه‌ گۆشته‌ به‌كار هاتوون. وێڕای ئه‌مانه‌ ئه‌و كچه‌ توشی بارێكی شێواوی ده‌روونی ده‌بیت و هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ ئازارێكی جه‌سته‌یی شوێنه‌ بڕاوه‌كه‌ ده‌كات و هه‌ست ده‌كات پارچه‌یه‌ك له‌ وجود و بوونی بڕاوه‌ته‌وه‌، سه‌رباری ئه‌مانه ئاره‌زووی داده‌مركێته‌وه‌ و له‌سه‌ر جێـییدا له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی توشی ساردی وسڕی و بێزاریه‌كی به‌رده‌وام ده‌بێت، دواتر ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی خێزانی بكه‌وێته‌ نێوان ژن و مێرده‌كه‌.
هه‌موو كچان و ژنان و دایكان ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌كی عه‌قلانی و زانستی له‌ زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی ئه‌م دیارده‌یه‌ بكۆڵنه‌وه‌ و ئه‌و نه‌ریته‌ به‌ره‌و قه‌ڵاچۆكردنی ببه‌ن تا چیدی كچه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان نه‌بنه‌ قوربانی ئه‌و دێوه‌زمه‌ به‌ ئازاره‌ی كه‌‌ تا له‌ ژیاندا بن له‌گه‌ڵیان ده‌مێنێته‌وه‌.