حزبی شیوعیی چین بڕگەیەکی دەستوور لە بەرژەوەندیی سەرۆک لادەدات

لەرێکەوتى : February 26, 2018, 11:00 am

avatar

حزبی شیوعیی چین بڕگەیەکی دەستوور لە بەرژەوەندیی سەرۆک لادەدات
حزبی شیوعیی چین ماوەی سەرۆکایەتیکردنی سەرۆکی وڵاتەکەی تا هەتایە درێژ دەکاتەوە و بڕگەیەکی دەستوور لادەدات.



لێژنەی ناوەندیی حزبی شیوعیی چین پێشنیازی کردووە بڕگەی دیاریکردنی دوو خول بۆ سەرۆکی وڵات لە دەستووری چین، لابدرێت و شی جینگ پینگ بۆ تا هەتایە سەرۆکی وڵاتەکەی بێت.



بەپێی دەستووری چین، سەرۆکی وڵات دەتوانێ لە دوو خولی سەرۆکایەتی، کە هەر خولێک پێنج ساڵە، سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بکات.



شی جینگ پینگ لە ساڵی 2023 کۆتایی بە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی دێت و ویلی لام، مامۆستای زانکۆی هۆنگ کۆنگیش رایگەیاندووە، کە شی جینگ پینگ دەیەوێ ببێتە ئیمپراتۆری چین و ”ماو تسی تۆنگی سەدەی 21“.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی فەرەنسی، ویلی لام ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرۆکی ئێستای چین دەیەوێ تا ساڵی 2032 سەرۆکایەتیی حزبی شیوعیی چین و تا ساڵی 2033ش سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بکات، کە لە 2033، تەمەنی دەبێتە 80 ساڵ.



لێژنەی ناوەندیی حزبی شیوعیی چین هەروەها پێشنیازی کردووە، بیر و لێکدانەوەکانی شی جینگ پینگ لە دەستووری وڵاتەکەیاندا جێیان بکرێتەوە.