دایکێک بە یەک ملیۆن دۆلار کوڕەکەی بەخێودەکات

لەرێکەوتى : February 18, 2018, 5:00 pm

avatar

کوڕێکی تایوانی لەژێر چەتری یاسادا ناچار دەبێت بڕی یەک ملیۆن دۆلار بداتە دایکی دوای ئەوەی دایکی لەدادگا سکاڵایەکی سەیر لەدژی تۆماردەکات.

ئەو ژنە تایوانییە داوایەکی یاسایی لە دژی یەکێک لە کوڕەکانی تۆماردەکات و داوای یەک ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی دەکات لەپای ئەو چەند ساڵەی بەخێوی کردووەو خەرجی کێشاوە بۆ ئەوەی خوێندن تەواو بکات، بەمانایەکی تر لە منداڵییەوە تاکو ئەو کاتەی کوڕەکەی دەستی بەئیشوکاری خۆی گەیشتووە بەخێوی کردووەو پارەی تێدا خەرجکردووە.

ئەو ژنە تایوانییە ناوی "لوو"ە، دوو کوڕی هەیە، دوای ئەوەی لە مێردەکەی جیادەبێتەوە ئەرکی بەخێوکردنیان دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام ژنەکە گرێبەستێکی سەیر بەو دوو کوڕەی ئیمزا دەکات و ناچاریان دەکات ئەوکاتەی گەورە دەبن و دەبنە خاوەنی ئیشوکاری خۆیان 60% ئەو پارەیەی دەستیاندەکەوێت بیدەنە دایکیان.

ئەو ژنە وەک خۆی باسی کردووە مەبەستی بووە کە کوڕەکانی گەورەبوون گرەنتییەک وەربگرێت بۆ ئەوەی لە پیریدا پەراوێزی نەخەن.

هەردوو کوڕەکەی ئەو ژنە لەکۆتاییدا بڕوانامەی کۆلێژی پزیشکی ددان بەدەستدەهێنن و ئیشوکاری خۆیان دەکەن، پابەندی گرێبەستەکەی نێوان خۆیان و دایکیان دەبن و لەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت بڕی 60%ی دەدەنە دایکیان، بەڵام دوای ماوەیەک کوڕە گەورەکەی پەیمانی نێو گرێبەستەکە دەشکێنێت و بڕە پارەکە نادات.

ئەو دایکە لەبەرانبەر ئەو هەڵوێستەی کوڕەکەیدا داوایەکی یاسایی لە دادگا تۆماردەکات و ماوەی 8 ساڵ ئەو کەیسە دەمێنێتەوە، بەڵام دواجار دایکەکە براوە دەبێت و دادگا کوڕەکە ناچار دەکات بڕی یەک ملیۆن دۆلار بەو دایکە بدات.

لوو رایگەیاندووە لەپای بەخێوکردنی ئەو دوو کوڕەی بڕی 1.7 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە.