گۆڕان كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە

لەرێکەوتى : March 6, 2018, 7:15 am

avatar

گۆڕان كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە
هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان، رەتیدەكاتەوە عوسمانی حاجی مەحموود ئەوەندە لە رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن تووڕە بووبێ كە بیر لە دەست لەكاركێشانەوە یان دووركەوتنەوە لە بزووتنەوەی گۆڕان بكاتەوە، بەڵام وەك ئەو باسی دەكات، هەندێك گۆڕانكاریی ئەمدواییە ئەوی نیگەران كردووە "ئەو لە شێوازی بڕیاردان لە گۆڕانكارییەكان و بڕیارەكان نیگەران بووە، ئەگینا هیچ كێشەیەكی لەگەڵ رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن نییە".

ئەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بە بڕیاری گۆڕینی بەڕێوەبەری میدیای كەی ئێن ئێن و لیژنەیەكی حەوت كەسی دەكات كە كاندیدەكانی بزووتنەوەی گۆڕانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدا بووە "كاك عوسمان لەوە نیگەرانە كە دەبوو جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لیژنە دیاری بكات بۆ دیاریكردن و هەڵسەنگاندنی كاندیدەكان نەك رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن".

ئەوە دووەمین جارە عوسمانی حاجی مەحموود، یەكێك لە سەركردە دیارەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەو بزووتنەوەیە نیگەران دەبێ. لە سەرەتای مانگی نیسانی 2013ش رەخنەی ئاراستەی شێوازی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكە كرد و ماوەیەكی زۆر چووەوە ماڵەوە. لە ناوەڕاستی مانگی 12ی هەمان ساڵدا نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەكە لە ماڵەوە سەردانی كرد و داوای لێكرد بگەڕێتەوە سەر كاری خۆی و لە كابینەی هەشتەمی حكومەتیشدا پۆستێك وەربگرێ.

نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رەتیدەكاتەوە كە بزووتنەوەكەیان كێشەی گەورەی هەبێ "كۆبوونەوەكەمان لەبەر ئەوە نەكرد، چونكە هەندێك لە برادەرانی جڤات لە دەرەوەن و هەندێكیشیان سەرقاڵی پرسی هەڵبژاردن و خۆڕێكخستنەوەن بۆ ئەو هەڵبژاردنانە و دەبێ هەموو دەرفەتی ئەوەیان هەبێ بتوانن بەشداریی كۆبوونەوە بكەن".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بەلایەوە ئاساییە ئەگەر عوسمانی حاجی مەحموود، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رەخنە و تێبینی هەبێت "ئەگەر كاك عوسمانیش گلەیی و رەخنەی هەبێت، لە پێناوی چۆنێتی ئیدارەدانی بزووتنەوەكەیە و ئەگەر كێشەیەكیشمان هەبێ چارەسەر دەكرێ".

بەڵام ئەوە تەنیا عوسمانی حاجی مەحموود نییە كە زویر بووبێت. لە ساڵانی پێشووش، هەریەكە لە سالار عەزیز و عوسمان بانیمارانی ، دوو لەو سەركردانەی بزووتنەوەكە بوون كە زویر بوون و گەڕانەوە نێو یەكێتی.

رۆژی 25ی تەمموزی 2017، لە هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردران و عوسمانی حاجی مەحموود لەكۆی 56 دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی 45 دەنگی هێنا و بووە ئەندامی خانەی راپەڕاندن و سكرتێری كاروباری باژێڕوانەكان.

ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان قسەی جیاواز لەبارەی دواخستنی كۆبوونەوەی جڤات دەكەن. نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی دەڵێ، رۆژی شەممەی رابردوو هاتینە سلێمانی بۆ ئەوەی بەشداریی كۆبوونەوەكە بكەین، بەڵام دواخرا "گوتیان ئامۆزایەكی كاك عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتی كۆچی دوایی كردووە و بەهۆی ئەو پرسەیەوە كۆبوونەوەكە دواخراوە"، گوتیشی "بڕیار بوو لەو كۆبوونەوەیە بابەتی هەڵبژاردن و خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردن و كاندیدەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو هەڵبژاردنە و تەلەڤزیۆنی كەی ئێن ئێن باس بكرێن".

نزار مەحموود هەروەها دەڵێ: "عوسمانی حاجی مەحموود ئەندامی خانەی راپەڕاندنە، پێش وادەی كۆبوونەوەكە لەگەڵ كاك عومەری سەید عەلی كۆبوونەتەوە، هەرچی هەبووبێ لەو كۆبوونەوەیە باسكراوە، من ئاگاداری ئەوە نیم نیگەران بێ یان نا".

كۆبوونەكەی جڤاتی نیشتمانی تایبەت بووە بە تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و كاندیدەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو هەڵبژاردنە و پرسی نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان . بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی بزووتنەوەكە دەستیكەوتوون، عوسمانی حاجی مەحموود و هەندێكی دیكە لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی نیگەران بوون لەوەی كە سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی عێراق، خۆی لە نێو لیستێكی عێراقیدا كاندید كردبوو بۆ هەڵبژاردن و بزووتنەوەكە هیچ لارییەكی لەو خۆكاندیدكردنەی نەبووە، هەرچەندە دواتر بزووتنەوەی گۆڕان لە ژێر گوشاردا روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و سروە عەبدولواحیدی لە سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكە لادا.

بزووتنەوەی گۆڕان، وەك نەریتێكی سیاسی و بەپێی پێڕەوی نێوخۆیی، مانگانە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی جڤاتی نیشتمانی رێكدەخات و لەو كۆبوونەوەیەدا پرسە گرنگەكان تاوتوێ دەكرێن. دواتریش خانەی راپەڕاندن لەژێر رۆشنایی راپۆرتی كۆتایی ئەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار دەدات، بەڵام لە حاڵەتی نائاساییدا جڤات هەركات بیەوێ كۆدەبێتەوە.

چاپ