عەلی باپیر شێرپەنجەی رابوونی ئیسلامییە

لەرێکەوتى : February 27, 2018, 8:49 pm

avatar

عەلی باپیر شێرپەنجەی رابوونی ئیسلامییە
لە داهاتوودا ئیخوان ‌و سەلەفیزم یەكتر دەبڕنەوە
ئەزموونی ململانێی شیعە و سوننە لەئێستادا گوازراوەتەوە بۆ ناو ئایدیا ئیسلامییە سوننی ‌و شیعییەكان، رەنگدانەوەی ئەم ئایدیایەیش لەناو پارت ‌و رێكخستنە سیاسییەكاندا رەنگی داوەتەوە. دیارە ئەو هێزانەی لە شوێنێكی وەكو كوردستاندا كە نوێنەرایەتی ئیسلام دەكەن بریتین لە ئیسلامێكی میللی كە تەسەوف ‌و تەریقەتەكان بە پەرت ‌و بڵاوی نوێنەرایەتی دەكەن، هاوكات ئەم تەریقەتانە دروست لەكوردستاندا بوونەتە مۆركی ئیسلامی میللی. بەڵام لە بازنە سیاسییەكەدا دوو هێز رەگیان داكوتاوە كە سەرچاوەكانیان دروست هێزی دەرەكین كە دوو مەرجەعی رۆشنبیریی جیاوازن ئەوانیش مەرجەعەكانی ئیخوانیزم ‌و سەلەفیزمە. لەئێستادا لە كۆی ئیسلامگەراكانی دونیادا ئیسلامی سیاسی بەسەر سەلەفیزم ‌و ئیخوانیزمدا دابەشبووە، هەروەك چۆن لە كوردستانیش پارتە ئیسلامییەكان لە بازنەی سەلەفیزم ‌و ئیخوانیزمدان. بزووتنەوەی ئیسلامی زیاتر رەنگی سەلەفیزمی پێوە دیارە كە سەلەفییەتێكی جیهادییە. كۆمەڵ لە بازنەی ئیخواندا گەشەی كرد، بەڵام ئیخوانێك كە لە سەرچاوەكەی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە ‌و مۆركی شیعەگەرایی بەسەردا زاڵە. كۆمەڵ لە سیاسەتدا شیعەگەرایە و لە باوەڕ و كاریگەرییە كۆمەڵایەتییەكانی ئیخوانییە. هاوكات رەگێكی سەلەفیزمی بەهێز لە دەمارەكانیدا هەیە. لە ئاوێتەبوون بە دەسەڵاتدا بووە بە ئیخوان ‌و لە نییەتی شاراوەیدا سەلەفییەتێكی جیهادییە. یەكگرتوویش دروستكەری شەرعی ئیخوانە و لەسیاسەتدا توخنی ئێران ‌و شیعەگەرایی ناكەوێت. ئەم هێزانە لە ئەزموونی چارەكە سەدەیەكی هەرێمی كوردستاندا كە تازە بەتازە خەمڵی بوون نەیانتوانی تێكەڵ بەجەماوەر بن لە یەكەم هەڵبژاردندا نەیانتوانی بێنە پەرلەمان ‌و لەپاش 25 ساڵ هێشتا لەناوخۆدا هێزی بچووك ‌و پەرت ‌و ناكۆكن. ئەوان ئێستە وەك ئیسلامییە سوننییەكانی دونیا گرفتاری ململانێكانی نێوان سەلەفی ‌و ئیخوانییەكانن. دروستبوونی داعش زاتی سەلەفیی بوونی تێدا كوشتن، ئەو ئاراستەیەی كە كۆمەڵ گرتبووی بۆ ئەوەی ببنە سەلەفییەكی جیهادی، رێك بایدایەوە و وەك ئیخوانێك خۆیان دەرخست ‌و تێكەڵ بەدەسەڵات بوون، یەكگرتوویش لە لووتكەی غروری ئیخوانی بووندا نەمایەوە و لە رێگەی عەلی قەرەداغییەوە وابەستە بوو بە خەلیج ‌و توركیاوە و لە رێگەی سەڵاحەدینیشەوە وردە وردە دەكشێت بەرەو ئێران ‌و تۆرەمەی نەواب سەفەوی ‌و وابەستەیی فیدائییە ئیسلامییەكانی سەردەمی شۆڕش لەگەڵ ئیخواندا زیندوو دەكاتەوە. بەگوێرەی سەرچاوەكان ئیسلامییەكانی كوردستان لەگەمەیەكی تاریكی ئێراندان ‌و ئێران بەتەواوی جڵەوی ئەوانی گرتووە و نایەوێت لەوە زیاتر بەرەو پێشەوە بچن، ئەوانی بە بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خۆیەوە بەستووەتەوەو كەڵكی لە ئەزموونیان بینیوە و هەمیشە بەفەرمی لەگەڵ هیچ كام لەو حزبانە پەیوەندی نەكردووە و بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ باڵێكی ناو حزبەكاندا هەبووە. ئێران یەكەم دەست بوو بۆ پەرتبوونی ئەو حزبانە و هەمیشەیش نەخشەكانی بەجۆرێكن كە نەتوانن یەك هەنگاو بەرەو پێشەوە بچن. ئەو پارتانە رابردوویان گرێدراوە بە ئیسلامییە جیهادییەكانەوە، تەنیا زەمانەتی مانەوەیان كە بهێڵن سیاسەت بكەن بریتییە لە ئێران ‌و ئیعازی ئێران. حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان چ لە لایەن توركیا و چ لەلایەن ئێران بە هیچ جۆرێك بوار نادەن بوونیان هەبێت، بەڵكو زیاتر وەك عەمیلێك دەردەكەون ‌و ناتوانن ببنە پارتێكی رەسەن ‌و ناوی رابوونی ئیسلامی لەخۆیان بنێن. ئیسلامییەكان هێزی دروستكراو و بچووكن. دروست چۆن تودەی ئێران وەك ئایدیایەكی كۆمۆنیزم سەر بە روسیا بوو، بەڵام روسیا وەك هێزێكی بچووك دەیەویست تودە بمێنێتەوە، وردە وردە پەرت بوو پاشان توایەوە و سەركردەكانی پاشگەز بوونەوە و توانەوە، كەسانی وەك ئیحسان تەبەری نورەدین كیانوری ئیرج ئەسكەندەری هەموو ئەمانە نەیانتوانی سووربن لەسەر كۆمۆنیزم ‌و بەلای ئیسلامیزمدا بایاندایەوە، بەو جۆرەیش داهاتووی رێبەرانی ئیسلامی لە كورستان داهاتوویەكی پوكاوە و تاریكە و وەك چۆن نەیانتوانیوە ببنە هێزی كاریگەر بەو جۆرەیش سەرچاوەكانیان جەنگی یەكتر بڕینەوەیان پێدەكەن. لەبەر ئەوە وەك كۆی رەوشی ئیسلامیزمی دونیا ئیسلامییەكانی كوردستانیش بەتەواوی داهاتوویان لەبەردەم ململانێیەكدایە كە ئەویش ململانێی سەلەفیزم ‌و ئیخوانیزمە. ئەم دوو ئایدیایە لە ئێستادا ئاڵۆز و تێكەڵە و رەنگە هەرسێ‌ پارتەكە نەتوانن گرەوی ئەوە بكەن لە پاش كۆنگرەكانیان بە سەلیمی ‌و بە یەكگرتوویی بمێننەوە، هەر بۆیە دەكرێت پارتێكی دیكە لە بەدیلی ئەم حزبانە دروست بێت، بەڵام ئەویش ناتوانێت سەركەوتوو بێت. تەنیا ئەگەرێك لەبەردەم ئەم پارتە ئیسلامییانەدا حەتمییەتێكە كە ئەویش توانەوەیان وەك بزووتنەوەی ئیسلامی یاخۆ بە بچووكی مانەوەیان ‌و ونكردنی شوناسی خۆیان وەك ئەوەی لە میتۆدیاندا هاتووە. ئەم ئەگەرانە هەمیشە چاوەڕوانكراو بوون، بۆنموونە لە نوێترین سەرنجی ئەندامێكی باڵای كۆمەڵدا هاتبوو كە ئەوان هێزێكی سواون ‌و بە گۆڕانكاری لە دروشم ‌و دووركەوتنەوە لە ناوی خودا و پێغەمبەر ناتوانن خۆیان نوێ بكەنەوە. هاوكات ئەندامێكی پێشووی بزووتنەوە فاكتەری شكستی ئیسلامییەكانی بۆ ئەوە دەگێڕایەوە كە عەلی باپیر وەك كەسێك بووە كەلتووری ناكۆكی ناو حزبەكان ‌و ئەو ململانێ ‌و سیاسەتی بەسەر مەبدەئو بیر و باوەڕ و ئامانجە ئەسڵیەكەدا زاڵكرد. ئەو دروست بەم دەربڕینە گوتی عەلی باپیر پیاوێكە كە وەك شێرپەنجە وایە بۆ رابوونی ئیسلامی چوون ئەو كارەی كە ئەو كردی رابوونی ئیسلامی لە یەكبوونەوە یاخۆ لە كەلتووری یەكبوونەوە گۆڕی بۆ كەلتووری دابەشبوون ‌و شكست ‌و ئابڕوچوون كە هەمیشە مێژووی ئەو بریتییە لە لەكەیەك كە وا بەتەوێڵی رابوونی ئیسلامی كوردستانەوە. لەناو ئیسلامییەكاندا هێزی دانوستان ‌و یەكتر قبوڵكردن نییە، سەركردەكانیان دژ بەیەكتری ‌و رۆحی برایەتییان تێدا نییە ئەوان زیاتر بازرگان ‌و سیاسیین ‌و ئیسلام چەكی ستراتیژیانە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی. هەر ئەو ئەندامە نموونەی كۆمەڵی هێنایەوە، گوتی لەناو كۆمەڵدا لەسەدا هەشتای شورا دژی عەلی باپیرن، بەڵام سەد لەسەد هەمیشە ئەمیرە. چونكە ئەو نیوەی ئەندامانەی سەركردایەتی كە خۆیان كاندید نەكرد بەتەواوی دژی عەلی باپیر بوون یاخۆ دەركران، نیوەی ئەوانەیش كە ماون بە ئیعازی چەند ئەندامێك ماون، كەواتە چ رۆحێكی برایەتی ‌و ئیسلامەتی لەم هێزەدا ماوەتەوە، كە چەند كەسێك دار و بەردی حزبەكەیان كۆنترۆڵكردووەو لە هیچ شتێكدا شەفاف نین ‌و نابن.

چاپ