بۆ پرسی گرێبەستی رۆسنەفت و كوردستان.. جەعفەری گەیشتە مۆسكۆ

لەرێکەوتى : February 26, 2018, 11:03 am

avatar

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیای فیدراڵ، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ هاوئاهەنگی دۆخی تەناهی و پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هاریكاری دوولایە و پەرەپێدانی پێوەندییەكان بكات، بەگوێرەی زانیارییەكانیش ئامانجێكی سەردانەكە تاوتوێكردنی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و رۆسنەفتی ڕووسییە كە بەغدا دەیەوێ هەڵیوەشێنێتەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، ئیبراهیم جەعفەری بەیانی ئەمڕۆ دووشەم گەیشتە مۆسكۆی پایتەختی ڕووسیا، بەشداری لە خولی حەوتەمی كارەكانی لیژنەی هاوبەشی عێراقی – ڕووسی دەكات، بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان بەغدا و مۆسكۆ و هاریكاری و هاوبەشی زیاتر لەسەر كۆی پرسەكان.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئامانجی سەردانەكەی جەعفەری جیا لە پەرەپێدانی پێوەندییەكان لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، بواری هاوئاهەنگی سەربازی و ئابووریش تەوەر و ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی دەبێ.

دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە لەلایەن گرووپێكی كاڵفام و هەرزەی ناو یەكێتی ئەنجام درا، كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك كەوتەوە دەست میلیشیاكان، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر لەلایەن كوردستان و رۆسنەفت گرێبەستی لەسەر واژوو كراوە، بۆیە مافی رۆسنەفتە كار لە كێڵگەی نەوتی هاڤانا و بای حەسەن بكات، بەڵام لە 17ی ئۆكتۆبەر بەغدا كێڵگە نەوتییەكانی بە كۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم دا، تا وەبەرهێنانی تێدا بكات، ئەمەیش تەنگژەیەكی لە نێوان بەغدا و مۆسكۆ دروست كردووە و جەعفەری دەیەوێ بگاتە چارەسەرێكی هاوبەش، چونكە ڕووسیا قبووڵی ناكات، گرێبەستەكەی لەسەر ئەو كێڵگە نەوتیانە هەڵوەشێنرێتەوە.

پێشتر سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای رۆسنەفتی ڕووسی ڕەتی كردەوە لەو كێڵگانە بكشێنەوە و دووپاتی لەوە كردەوە، ئەوان گرێبەستیان لەسەر كێڵگەكان كردووە و پارەی پێشەكییان داوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ناكشێنەوە و موڵك و مافی ئەوانە وەبەرهێنان لەو كێڵگە نەوتییانە بكەن.

چاپ