خواردنی پیتزا پارێزەرێک بێزاردەکات

لەرێکەوتى : February 18, 2018, 6:46 pm

avatar

پیاوێکی ئەڵمانی کە پیشەی کاری پارێزەری بووە، بێزاری خۆی دەربڕیوە لەخواردنی پیتزا کە بەردەوام لەلایەن کەسێکی نەناسراوەو بۆی دێتە ماڵەوە.

ئەو پارێزەرە تەنها پیتزای دیلیڤەری بۆ نەهاتووە، بەڵکو خواردنی سوشی و چەندین جۆری تری بۆ هاتووەو تێچووەکەشی لەسەر گیرفانی پارێزەرەکە خۆی بووە، بەگوێرەی قسەی خۆی تائێستا زیاتر لە 100 پیتزاو سوشی و خواردنی یۆنانی لە چەندین رێستۆرانی جیاجیاوە بۆ هاتووەتە ماڵەوە.

ئەو پارێزەرە ناوی گرۆل-ەو دانیشتووی ئەڵمانیایە، بەدەست ئەو کەسە نەناسراوەوە بێزاربووەو چەندینجار لە دادگا سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکردووە، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانی پووچەڵ بوونەتەوە بۆ ئەوەی هاتنی پیتزاکان رابگرێت، چونکە وەک بڵێیت خۆشەویستی تاکلایەنەی لەگەڵدا بکات، چونکە تائێستا کەسەکە خۆی ئاشکرا نەکردووە.

گرۆل باسی لەوە کردووە هەندێکجار لەکاتی خۆشووشتندا بووە کە لە زەنگی دەرگا دراوەو پیتزای بۆ هاتووەتە ژوورەوە، هەندێکجاریش لە ئۆفیس پیتزای بۆ هاتووە.

گرۆل پێشتر گومانی ئەوەی بۆ دروستببوو لەڕێگای کۆمپوتەرەکەیەوەو بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئەو کارە ڕووی دابێت، بەڵام دواتر لەوەش دڵنیا بووەوە کە هەڵەی خۆی نییە، بەو پێیەی سەرەتا تەنها پیتزای بۆ دەهات، بەڵام دواتر مینۆکەی فرەجۆر تر بووەوەو خواردنی ژاپۆنی و یۆنانیشی بۆدەهات.
پۆلیسی ئەڵمانیا دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە و گومانی ئەوە دەکەن یەکێک لە بریکارە کۆنەکانی ئەو پارێزەرە بێت، چونکە بەوتەی پۆلیس لەکاتی بردنەوەی کەیسی دادگا کەسانی تاوانبار تۆڵەی هاوشێوە لە پارێزەران دەکەنەوە.

چاپ