هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەی رونكردنەوە لەسەر قسەی بەرپرسێكی باڵای دەدات

لەرێکەوتى : February 18, 2018, 6:39 pm

avatar

بەرپرسێكی باڵای هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات ئاماژە بەوەدابو كە كاردەكەن بۆ جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلام لەهەرێمی كوردستان. وتەبێژی هاوپەیمانی لەرونكردنەوەیەكدا جەختدەكاتەوە كە قسەكانی ئەو بەرپرسە “دورو نزیك دەربڕی شوناسی هاوپەیمانی نین.”



ئاوێنە: ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، ئاشتی کوێخا حەمە ساڵح، لە وتارێکدا باسی لەوەكردبو كە قەوارەکەیان كار بۆ چەسپاندنی شەریعەت و بنەماكانی ئیسلام لەهەرێمی كوردستان دەكات.



ئەو وتبوی”گەنجەکانمان یوسف ئاسا دەکەینە سەرکردەو شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێدەکەین”.



وتبوشی”بە دادپەروەری و عەدالەت، زوڵم و ستەم قەڵاچۆ دەکەین. بە چاکسازی راستەقینە، دزی و گەندەڵی ناهێڵین”.



جەختیشی كردبوەوە”یەکێتی کۆمەڵایەتی دەپارێزین و دژی دابەشکاری و لێکهەڵوەشانی کۆمەڵگەین کە لەڕابردودا کراوە لەسەر بنەمای جەلالی و مەلایی و بادینی و سۆرانی”.



د ڕێبوار کەریم مەحمود، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، ئەمڕۆ(یەكشەممە) لەڕونکردەوەیەکدا ئاماژەی بەوەدابو كە د. ئاشتی حەمە ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی هاوپەیمانی، باسی لەچەند بنەمایەک کردوە کە لەڕاستیدا دورونزیک دەربڕی شوناسی هاپەیمانی نین.



وتوشیەتی”هاوپەیمانی هێزێکی مەدەنی و کراوەیە، تێدەکۆشێت بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و هێنانەدی دادپەروەری، لایەنگیری بەدیهێنانی حوکمرانیەکی باش و مەدەنیە، کە تیایدا ڕێز لە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سەرجەم ئایین و بیرکردنەوە سیاسییەکان دەگرێت و خەبات دەکات بۆئەوەی دابەشکاریەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەکۆتایی بهێنێت. کلتوری هاوپەیمانی، سڕینەوە نییە، بەڵکە ئیرادەی تیپەراندنی دابەشکاریەکانە.”

چاپ