“فرمێسك” گۆرانی‌ بۆ شه‌ڕڤانانی‌ عه‌فرین ده‌ڵێت

لەرێکەوتى : February 18, 2018, 5:20 pm

avatar

هونه‌رمه‌ند فرمێسك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌هه‌ر جێگه‌یه‌كی‌ دونیا بژیت، غه‌ریبیت، ئه‌و ده‌ڵێت “ئێستا له‌ئه‌ڵمانیا ده‌ژیم، كاتێك له‌وڵاتی‌ خۆت ده‌ژیت‌و له‌وێ‌ ژیاویت ئیتر ئه‌وكات هه‌ست به‌غه‌ریبی‌ ناكه‌یت”.


ئا مه‌زهه‌ر كه‌ریم



هونه‌رمه‌ند فرمێسك حافز كه‌ماوه‌ی‌ دوانزه‌ ساڵه‌ ده‌ستی كردوه‌ به‌كاری‌ هونه‌ری‌، یه‌كه‌م به‌رهه‌می‌ به‌ناوی‌ (مه‌ی‌) بڵاو كردۆته‌وه‌. ئه‌و سه‌باره‌ت بە‌عه‌فرین به‌ئاوێنه‌ی‌ راگه‌یاند “ژنانی‌ عه‌فرین له‌ڕه‌گه‌زی‌ پۆڵان، هه‌رگیز تێكناشكێن. نازانرێت ئه‌و هێزو توانایه‌ چیه‌ له‌لای‌ ژنانی‌ عه‌فرین! ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وان بین تا وه‌ك ئه‌وانمان لیبێت”.
جه‌ختیشی كرده‌وه‌ “به‌ڵێ‌ گۆرانی‌ بۆ شه‌ڕڤانانی‌ عه‌فرین ده‌ڵێم. گۆرانیه‌كه‌ ناوی‌ (ماسییه‌ ره‌شه‌ بچكۆلانه‌كه‌)یه‌ كه‌ هۆنراوه‌ی‌ مامۆستا رێبوار عه‌زیزه‌، میلۆدیه‌كه‌ی‌ بۆخۆم كارم بۆ كردوه‌‌و (حامید موختاری‌) كاری‌ دابه‌شكردنی‌ بۆ ئه‌نجامداوه‌. بیرۆكه‌ی‌ گۆرانیه‌كه‌ش له‌كتێبی‌ نوسه‌ری‌ ناسراوی‌ فارسی‌ سه‌مه‌دی‌ بهره‌نگی‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ چیرۆكی‌ ماسییه‌كی ره‌شی بچكۆڵانه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی ئازادی خۆیدا شه‌هید ده‌بێ‌و ژیانی له‌ده‌ست ده‌دا”.
فرمێسك پشتیوانی خۆی بۆ داوا ره‌وكانی خۆپیشاندانی ئه‌م دواییه‌ ئێران به‌تایبه‌ت ژنان ده‌ربڕی‌و وتی “ئه‌و ژنه‌ی‌ له‌خۆپیشانداكانی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوی‌ وڵاتی‌ ئێراندا له‌خیابانی‌ ئینقلاب (له‌تارانی پایته‌ختی ئێران) گوزارشتی‌ له‌ئازادیه‌كانی‌ خۆیكردو سه‌رپۆشه‌كه‌ی‌ فڕێدا، جه‌ساره‌تێكی‌ مه‌زنی نیشان دا. ئه‌و ژنانه‌ شیاوی‌ رێزلێگرتن، ئازایانه‌ ته‌عبیر له‌بۆچونه‌كانیان ده‌كه‌ن‌و داوای‌ ئازادی‌ ده‌كه‌ن”.
له‌باره‌ی دوا به‌رهه‌می خۆیه‌وه‌ وتی “كاری‌ سیدیه‌ نوێیه‌كه‌م ته‌واو بوه‌‌و له‌ئێستادا سه‌رقاڵی‌ كاره‌هونه‌ریه‌كانمم له‌وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا. كلیپی‌ گۆرانیه‌كی‌ نوێم به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌م نزیكانه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌”.
فرمێسك حافزی‌ كوردی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان كه‌ ئێستا له‌وڵاتی‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژی‌، ماوه‌ی‌ دوانزه‌ ساڵه‌ ده‌ستیكردوه‌ به‌كاری‌ هونه‌ری. ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵه‌ (سیدی‌)ی به‌رهه‌مه‌كانی‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌. زۆر بە‌سۆزه‌وه‌ گۆرانی‌ ده‌ڵێت‌و سه‌رنجی شه‌یدایانی ئاواز‌و مۆسیقای بو لای خۆی راكێشاوه‌.

چاپ