عادل هه‌ورامی‌: لەمردن گەڕامەوە

لەرێکەوتى : February 18, 2018, 5:08 pm

avatar

هونه‌رمه‌ند عادل هه‌ورامی‌ شه‌وی‌ شه‌ممه‌ 3/2/2017 له‌كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ماڵه‌وه‌ له‌سه‌ر پردی‌ كۆبانی‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ توشی‌ روداوی‌ هاتوچۆ ده‌بێت‌و به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ستی‌ راستی‌ له‌سێ‌ جێگه‌وه‌ ده‌شكێت.

عادل هه‌ورامی‌ كه‌ ئێستا له‌ناوجێگه‌دا كه‌وتوه‌، چیرۆكی‌ روداوه‌كه‌ بۆ ئاوێنه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت “كاتژمێر 9:20 خوله‌كی‌ شه‌و بو یه‌كێك له‌هاوڕێكانم هات به‌دوامدا بۆ ماڵه‌وه‌، له‌ناوچه‌ی‌ قادركه‌ره‌م كارێكمان هه‌بو. له‌خۆوه‌ زۆر دودڵ بوم كه‌ نه‌چم. كاتێك چوینه‌ چواڕیانی‌ ئه‌ندازیاران هه‌ر دودڵ بوم، چوینه‌ به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی‌ رۆژئاوا هه‌ردو دڵ بوم… هه‌رچۆنێك بو رۆشتین، من كاته‌كه‌م به‌گونجاو نه‌ده‌زانی‌. هه‌رچیم ده‌كرد ئه‌قڵم نه‌یده‌بڕی‌. دواجار له‌به‌رده‌قاره‌مان گه‌ڕاینه‌وه‌‌و نه‌ڕۆشتین. ئه‌وكات ده‌روبه‌ری‌ چاره‌ك بۆ نۆی‌ شه‌و ده‌بو”.



وتیشی‌ “دواتر هاتینه‌وه‌ ناوشار، كه‌ گه‌یشتینه‌ سه‌ر پردی كۆبانی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ كه‌ له‌جۆری جێب چرۆكی-یه‌‌و هاوڕێیه‌كی خۆم لێی ده‌خوڕی، كه‌وته‌ سه‌رلا‌و خلیسكا. پێش ئێمه‌ چوار ئوتۆمبیل خۆیان دابو بە‌یه‌كدا، ئێمه‌ش بوین به‌پێنجه‌م”.



عادل هه‌ورامی سه‌باره‌ت بە‌برینداربونی له‌روداوه‌كه‌دا، وتی “له‌گه‌ڵ كه‌وتنه‌ سه‌رلا‌و خلیسكانی ئۆتۆمبیله‌كه‌دا، شانم به‌رده‌سك‌و شانی‌ ده‌رگاكه‌ كه‌وت‌و ده‌ستم‌و موبایله‌كه‌م بۆ جامی‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌. به‌هۆی‌ ورده‌شوشه‌وه‌ ده‌موچاوم هه‌موی‌ خوێناوی‌ بو. ده‌ستم زۆر گه‌رم بو، له‌دڵی‌ خۆمدا وتم ته‌واو ده‌ستی‌ راستم قرتاوه‌، بۆشم نه‌ده‌جوڵا. هه‌رچۆنێك بێت له‌ئۆتۆمبیله‌كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ كاتژمێر 10:30 خوله‌كی‌ شه‌و بو”.



وتیشی‌ “هاوڵاتیه‌ك كه‌ ته‌كسی‌ پێیه‌‌و ده‌مناسێ‌، هاته‌ ژێرباڵم‌و وتی‌ با بتبه‌م بۆ نه‌خۆشخانه‌. منیش وتم جارێ ئه‌و ده‌سته‌م بۆ به‌رزكه‌ره‌وه‌، چونكه‌ ده‌ستم له‌گیرفانی قه‌مسه‌ڵه‌كه‌مدا بو، بۆم نه‌ده‌جوڵا. دواتر زانیم ده‌ستم لێنه‌بۆته‌وه‌ به‌جه‌سته‌مه‌وه‌ ماوه‌”.



ئه‌وه‌شی‌ باسكرد “دواتر چومه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن. پێیان وتم ده‌بێت له‌سێ‌ جێگه‌وه‌ پلاتینت بۆ دابنین، به‌ڵام من رازی‌ نه‌بوم وتم به‌گه‌ج بۆم بگرنه‌وه‌ تا بۆخۆی‌ چاك بێته‌وه‌. ره‌نگه‌ ماوه‌ی‌ چوار مانگی‌ بوێت”.



عادل هه‌ورامی گله‌ییه‌كی زۆری له‌ماڵپه‌ڕ‌و تۆڕ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كرد كه‌ به‌په‌له‌و بێ ئه‌وه‌ی به‌دوای راستی روداوه‌كه‌دا بچن، زانیاری ناڕاستیان بڵاوكردۆته‌وه‌، ئه‌و وتی “ماقوڵ نیه‌ هێشتا من نه‌گه‌شتومه‌ته‌ ماڵه‌وه‌ ماڵ‌و منداڵم به‌دایكه‌ڕۆو باوكه‌ڕۆ بێن بڵین باوكمان مردوه‌. ماڵ‌و منداڵه‌كه‌م له‌وكاته‌دا نه‌یانزانیوه‌ به‌ره‌و پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ راكه‌ن یان به‌ره‌و پردی‌ كۆبانی‌! ئه‌مه‌ خوا‌و ویژدان قه‌بوڵی‌ ده‌كات؟”



وتیشی‌ “هه‌رچی‌ له‌په‌یجه‌كانه‌وه‌ به‌ناوی‌ منه‌وه‌ ده‌وترێت دوره‌ له‌ڕاسته‌یه‌وه‌. من ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم خێریان ده‌گات نه‌ك بۆ من، بۆ هه‌مو كه‌سێك زانیاری خێر بگه‌یه‌نن. به‌حساب ده‌ڵێن ئێمه‌ شتی‌ باش بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام وادیاره‌ هیوایه‌تیان ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك له‌كه‌داربكه‌ن، خه‌ڵك عه‌یببار بكه‌ن. ئێمه‌ چه‌ند ساڵه‌ خزمه‌ت بە‌هونه‌ر ده‌كه‌ین‌و دڵی‌ ئێوه‌ خۆشده‌كه‌ین، ئیوه‌ش ئاوا وه‌ڵاممان ده‌ده‌نه‌وه‌!”.

چاپ